“راگرتنی نەوت کێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە”

وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، راگرتنی نەوت "کێشەی گەورەی" بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە و دەڵێت، "هیوادارین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بباتە سەر."

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لەبارەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت، لە راگەیەندراوێکدا وتی، "بنەمای رێکەوتنەکە بۆ سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەگەڕێتەوە و لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند خاڵێکمان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێم چەسپاندووە."

ئاوات شێخ جەناب وتیشی: "لەم قۆناخەدا لەپێشترێتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی رێکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدایە وەکو خۆی و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی عێراق و تورکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسی و تەکنیکیانەی لەبەردەم پرۆسەکەدا ماون."

وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی لێکەوتەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە ماوەی 44 رۆژە راگیراوە و بەپێی زانیارییەکان زیانی زیاتر لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلاری لە هەرێم داوە، رایگەیاند: "راگرتنی نەوت کێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە و هیوادارین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆیان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بباتە سەر."