وادەی دابەشکردنی سەبەتەى خۆراکى تایبەت بە مانگى رەمەزان ئاشکرا کرا

دەست بە دابەشکردنى سەبەتەى خۆراکى تایبەت بە مانگى رەمەزان لە عێراق دەکرێت کە چوار بەشەخۆراکى بۆ زیادکراوە کە لە تەبەقێک هێلکە، شەعریە و دوو جۆرە ئارد پێکدێن.

وەزارەتى بازرگانیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەمڕوە دەست دەکرێت بە دابەشکردنى سێیەم بەشەخۆراکى مانگانەى هاووڵاتیان بۆ ساڵى 2023 لەگەڵ سەبەتەى خۆراکى تایبەت بە مانگى رەمەزان کە چوار بەشە خۆراکە.

خۆراکە زیادکراوەکان بریتین لە تەبەقێک هێلکە بۆ هەر خێزانێک، هەروەها کیلۆیەک ئاردى گەنمەشامى، 500 گرام شەعرییە، یەک کیلۆ ئاردى سفر بۆ هەر ئەندامى خێزانەکە.

دەستپێکردنى دابەشکردنى ئەو بەشە خۆراکە زیادکراوە لەسەر بنەماى بڕیارێک بوو کە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 7ى ئادارى 2023 دەرکرا، ئەوەش دوای ئەوەى وەزارەتى بازرگانیى عێراق ئەوپێشنیازەى پێشکێشی ئەنجوومەنى وەزیران کرد.