نەتەوەیەکگرتووەکان: دەستبردن بۆ قورئان بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە

سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، هاودەنگی بۆ موسڵمانان دەردەبڕن لە هەموو جیهان، سووتاندن و دەستبردن بۆ قورئان بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە بە تایبەت لە سوید.

ئەمڕۆ هەینی، ستیڤن دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە،" ئیدانەی دەستبردن و هەوڵدان بۆ کاری توندوتیژی دژ ئیسلام دەکەین، ئەو کارانە گرژیی و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن."

لە راگەیەنراوی وتەبێژی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوەشکراوە، هەوڵدان بۆ دروستکردنی رق و کینەی ئاینی، هاندانە بۆ جیاکاری و دروستکردنی دوژمنایەتی.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، لە رۆژی 28ـی حوزەیراندا پەنابەرێکی عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا قورئانی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی سوید سوتاند و ئەوەش ناڕەزایی عێراقی لێکەوتەوە و عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییەی کردەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هاوڵاتیانی عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزاییان بردە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوید.

دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە، جارێکی دیکە سەلوان مۆمیکا رایگەیاند، قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید دەسوتێنێت و ئەوەش ناڕەزای حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید کرد عێراق جێبهێڵێت و سوید و فینلاندیش باڵیۆزخانەکانیان لە عێراق کشاندەوە