یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لەسەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید هاتە دەنگ

یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان زۆر بە توندی ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر سووتاندنی كۆپییەک لە قورئانی پیرۆز بە رەزامەندی حكومەتی سوید دەردەبڕێت‌ و ئەو كارە شەرمەزار دەكات.

یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان داوا لە حكومەتە ئیسلامییەكان دەكات هەڵوێستی جددی و یەكلاكەرەوە و بەهێز دەرببڕن بۆ بەرگری لە پیرۆزییەكانی ئوممەتی ئیسلامی.

راشیگەیاند، قورئانی پیرۆز مەزنترینی ئەو پیرۆزیانەیە ئەوەش لە رێگای بانگهێشتی باڵیۆزانی سوید هەریەكە و لە وڵاتی خۆیدا داوا لە سوید بكەن كە داوای لێبوردن بكات و هەموو رێكارێكی پێویست و گونجاو بۆ رێگریکردن لەو كارە قێزەونە بگرێتەبەر.

ئەوەش خرایەڕوو، ئەو كارەش تەنیا و تەنیا بەرئەنجامی رق و كینەیەكی شاردراوەیە لە ناخی چەند تاكێكی نەخۆشدا تا رقلێبوونەوە لە ئیسلام بكەنە پیشەی خۆیان.

شایەنی باسە، راسموس پاڵودان، سەرۆکی پارتی سترام کورسی راستڕۆی دانیمارک لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. پاڵودان بە کەسێکی تووندڕۆ دەناسرێت و هەڵگری رەگەزنامەی سویدی-دانیمارکی یە.