یەكێتی: ئومێد دەكەین لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ پارتی ئەنجام بدەین
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • یەكێتی: ئومێد دەكەین لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ پارتی ئەنجام بدەین

یەكێتی: ئومێد دەكەین لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ پارتی ئەنجام بدەین

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
یەكێتی: ئومێد دەكەین لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ پارتی ئەنجام بدەین
0

لایک

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و سەقامگیری ئابووری و ئەمنی.

سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەكێتی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان شاندی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی، سەرەتایەک بوو بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک كۆبوونەوە، گرنگترین شت ئەوە بوو پاش ماوەیەک كە لە راگەیاندنەكانەوە زیاتر بیروڕاكان بەرامبەر یەكتر رووندەكرایەوە، ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆ هەردوولا بیروبۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو.

وتیشی:” ئومێد دەكەین لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی دیكەی بەدوادابێت و ئەنجامی باشیشی هەبێت”.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی دوێنێ، وتەبێژی یەكێتی ئاشكرایكرد، شاندی هەردوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی زۆربەی پرسەكان خستەڕوو، لەوانە پرسی ئابووری و دارایی و هەڵبژاردن و بەڕێوەبەردن و ئیدارەدانی وڵات، هەروەها قسە لەسەر ئەو نایەكسانییانە كرا كە لەزۆربەی شارو شارۆچكەكانەوە لەڕووی ئیدارەدانەوە هەیە.

سۆران جەمال تاهیر، جەختیشی كردەوە لەسەر هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردن و رایگەیاند: ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هەڵبژاردن پێویستی بە چەند بنەمایەكی سەرەكیی هەیە، یەكێك لەو بنەمایانە، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانە، كە ئەمەش داواكاری زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمە.

وتەبێژی یەكێتی وتی:” كە هەركاتێك یاساكە هەمواركرایەوەو بنەماكانی دیكەی هەڵبژاردن هاتەدی كە خۆی لە سەقامگیری ئابووری و ئەمنی دەبینێتەوە، ئەوكاتە دەبێتە هۆی ئەوەی بنەمایەك كە هەڵبژاردنێكی تەندروست لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت”.

دوێنێ شەممە، شاندی باڵای هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوەو لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند كە كۆبوونەوەكە بە مەبەستی گفتوگۆكردنی راشكاوانە بووە لەسەر كۆی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئاڵوگۆڕی بۆچوون و هەڵوێستەكان لەسەر چەندین بابەتی هەنووكەیی.

هەردوولاش رێككەوتن لە دەرفەتێكی نزیكدا كۆبوونەوەی دیكەی هەردوو شاند ئەنجام بدرێت.