گرێبەستی بەشی سێیەمی شەقامی 150 مەتری واژۆکرا

تێچووی ئەم بەشە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلارە و و تەواوكەری هەردوو پارچەكەی تری پرۆژەکەیە

دوای رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، گرێبەستی بەشی سێیەمی پڕۆژی شەقامی 150 مەتریی شاری هەولێر(ئەربیل) واژۆكرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-03-2022، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی كۆمپانیای هێمن گرووپ و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، گرێبەستی بەشی سێیەمی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار واژۆكرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كاتی واژۆكردنی گرێبەستەكەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە كە تێیدا دەستكەوتێكی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە كوردستان و پایتەخی كوردستان دەكرێت، ئەویش واژۆكردنی گرێبەستی بەشی سێیەمیی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی هەولێرە كە رێگەی هەولێر-بەحركە و بەستانەوەی ئەو دوو پارچەیە بە رێگەی هەولێر-گۆپاڵەوە بە درێژایی زیاتر لە شەش كیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت".

وتیشی، "تێچووی ئەم بەشەی پرۆژەكە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلارە و تەواوكەری هەردوو پارچەكەی تری پرۆژەی شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێرە و دەبێتە پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ خزمەتكردنی پایتەختی هەرێم و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی".

ئەوەشی ئاشکراکرد، "ئەم بەشەی پرۆژەكە جگە لە شەقامە سەرەكییەكانی، شەقامی خزمەتگوزاری و پەرژینبەندی خۆپارێزی و سیستەمی ئاوەڕۆی هەیە، ئەم پرۆژەیە بەڵێنێكی تری حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەردەوامبوون لە خزمەتكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە خەڵكی كوردستان و خاڵێكی ترە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموو جارێك جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رژدییەوە جەخت لە هەموو دامودەزگەكانی حكومەت دەكات بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە كارە خزمەتگوزارییەكان".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە خەڵكی هەرێم بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی كرد و ئاماژەی بەوەکرد، "بە خۆشحاڵییەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی شاری هەولێر دەكەم كە بەشێكی تر لەو پرۆژە ستراتیژییە گەورەیە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و هیوادارین كۆمپانیای هێمن گرووپ بە كوالیتییەكی بەرز و پێش وادەی دیاریكراوی خۆی تەواوی بكات".