کەی سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت؟

دوا بە دوای دەستنیشانکرانی کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئێستادا مژاری سەرەکی ئەوەیە کە کەی پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی عراق پڕ دەکرێتەوە.

دوێنێ دووشەممە 26ـی 7ـی 2022، محەمەد شیاع سودانی لەلایەن چوارجێوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کاندیدکرا.

مژارەکە لە ئێستادا ئەوەیە کە کەی سەرۆککۆماری عێراق دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران بسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی داهاتووی عێراق.

هەموو ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەدا سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت و راستەوخۆ هەر ئەو رۆژە محەمەد شیاع سودانی سەرپرشک دەکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

یەکێتی و پارتی تاکو ئێستا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە ە نەگەیشتوونە رێککەوتن بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی هاوبەش، بۆیە ئەگەرێک لە ئارادایە کە هەر لایەنێک بە کاندیدی خۆیەوە بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

هۆکاری سەرەکی نەبوونی کاندیدی هاوبەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان سوورە لەسەر دووبارە کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح، لەبەرامبەردا پارتی کاندیدی خۆی هەیە کە فوئاد حوسێن ـە و قایلی ئەوەش کە هەردوولا رێککەون لەسەر کاندیدێکی هاوبەش.