کەشناسی وادەی بارینی بەفر و بارانی راگەیاند

بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە 11-12-2022، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە رۆژی سێشەممە هەرێم دەكەوێتە ژێر كاریگەری رەوشێكی نا سەقامگیری كەش و هەوا كە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامی دەبێت.

ئەوەش پێشبینی کراوە، لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست روو لە ناوچەكەمان دەكات, باران بارین بە شێوەی نمە باران لە ناوچەی جیا جیا دەستپێدەكات, لەگەڵ باران بارین بارستە هەوایەكی ساردیش روو لە ناوچەكەمان دەكات, ئاستی باران مامناوەند دەبێت و هەروەها لەگەڵ باران بارین لە سەر لووتكەی شاخە بەرزەكان بەفریش دەبارێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كاریگەری ئەم شەپۆلە تا رۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت.