کەشناسی عێراق: زریانی خۆڵبارین بەڕێوەیە

ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی كەشناسی كەشوهەوای عێراقی بۆ رۆژانی داهاتوو راگەیاند، لە كاتێكدا پێشبینی دەکرێت زریانی خۆڵبارین لەگەڵ كەمبوونەوەی پلەكانی گەرما هەینی داهاتوو رووبدات.

لە راگەیەندراوێكدا دەستەکە رایگەیاندووە، "كەش و هەوای وڵات بۆ سبەینێ كە دەكاتە چوارشەممە، روون دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور، هاوكات كەشوهەوای هەرێم روون دەبێت".

ئاماژە بەوەشكراوە، "كەش و هەوای سبەی پێنجشەممە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور تۆزاوی دەبێت، هاوكات كەشوهەوای ناوچەی باكوور تۆزاوی دەبێت لەگەڵ هەندێک هەور، هەروەها پلەكانی گەرما هاوشێوەی ئەوانەن كە رۆژی پێشوو لە سەرتاسەری وڵات تۆماركرابوو".

ڕوونیشیكردووەتەوە، "كەش و هەوای رۆژی هەینی تۆزاوی دەبێت لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی زریانی خۆڵبارین لە ناوچەی ناوەڕاست، هەروەها پلەكانی گەرما بە بەراورد بە رۆژی پێشوو كەمێک دادەبەزێت، هاوكات كەشوهەوای ناوچەكانی باكوور و باشووریش تۆزاوی دەبێت، هەروەها پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی ناوەڕاست نزیک دەبێتەوە".