کەشناسی عێراق: خۆڵبارین تا رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت

دەستەی گشتیی کەشناسی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەو خۆڵبارینەی کە سەرانسەری وڵاتی گرتووەتەوە، تا رۆژی دووشەممەی داھاتوو بەردەوام ببێت.

دەستەی گشتیی کەشناسی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، سەرەتای خۆڵبارینەکەی ئەمجارە لە پارێزگای (ئەنبار رۆژئاوای عێراق) دەستی پێ کردووە کە لە ئێستادا پارێزگاکانی دیکەی عێراقی گرتووەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشبینی دەکرێت خۆڵبارین تا رۆژی دووشەممەی داھاتوو بەردەوام بێت.

دوێنێ ھەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی کەرکوک ئاشکرای کردبوو، بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە پارێزگاکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە 60 کەس بەھۆی تەنگەنەفەسییەوە گەیەندراونە نەخۆشخانەکان.