کەسێک لە بەسرە دەستگیردەکرێت کە بە چەکوش ژن و مێردێکی کوشتبوو

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای بەسرە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، تەرمی ژن و مێردێک لە قەزای دێر بە کوژراوی دۆزرانەوە کە بە چەکوش کوژرابوون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ژن و مێردێک لە قەزای دێر سەربە پارێزگای بەسرە بە چەکوش لەلایەن کەسێکەوە کوژرابوون، دوای گەیشتنی تیمەکانی لێکۆڵینەوە بۆ شوێنی رووداوەکە، لەرێگەی چەکوشەکەوە توانرا تاوانبار دەستنیشان بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکراوە، "پۆلیسی دێر بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تاوان توانیویانە لەرێگەی بەدواداچوونێکی ورد خاوەنی چەکوشەکە و کەلوپەلە دزراوەکانی ماڵەکەش دەستبەسەردا بگرن".

شایەنی باسە، تاوانبار دوای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی، رەوانەی بەردەم دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی سزای تاوانەکەی.