کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا دەکات

دوای بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە بە شێوەیەکی سەرەکی تورکیای هەژاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "دیمەنی تۆقێنەرمان لە تورکیا و سووریاوە پێدەگات لەدوای بوومەلەرزەیەک بە گوڕێکی پێشتر نەبیندراو". ئاماژەی بەوەشکردووە، "فەرەنسا ئامادەیە "هاوکاریی ئیمێرجێنسی" بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بنێرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە".

لەمبارەیەوە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوەی برینداران، رایگەیاند، "بەریتانیا ئامادەیە بۆئەوەی بە هەر جۆرێک بێت هاوکاری پێشکێش بکات".

وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا دەڵێت، ئامادەن دوو فڕۆکە بنێرنە تورکیا بۆئەوەی لە هەڵمەتی رزگارکردندا هاوکارییان بکەن.

هەر لەم سۆنگەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران، نووسیویەتی، "لەم کاتە سەختەدا ئێمە لەگەڵ گەلی تورکیا دەوەستین و ئامادەین هاوکاریی پێویست دابین بکەین بۆ دەربازبوون لە کاریگەرییەکانی کارەساتەکە".

هاوکات، ئەحمەد ئەبو ئەلغێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پاڵپشتی و هاوکاریی خەڵکی سووریا بکەن لە بەرامبەر "ئەو کارەساتە مرۆییەی رووبەڕووی بووەتەوە.

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی تورکیا و سووریا دەربڕی.

جێی باسە، تائێستا بە گشتی 284 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2323 کەس برینداربوون و 1710 باڵەخانە بە تەواوی رووخاون و هەزارانی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە.