رۆژی پێنجشەممە 03-11-2022، کۆمپانیای DNO، کۆمپانیای نەرویجیی بواری نەوت و گاز لە راگەیەندراوێکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیاکە ئامارەکانی قازانجی کۆمپانیاکەی لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە کە کۆی داهاتەکەی لەو چارەکەدا 339 ملیۆن دۆلار بووە؛ لەو بڕەش 191 ملیۆن دۆلاری قازانج بووە. هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی قازانجی DNO زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانە لە کێڵگەکانی هەرێم و بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بە قازانجەکەی لە کێڵگەکانی هەرێم نەکردووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کۆمپانیاکە لە کێڵگەی نەوت لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 160 ملیۆن دۆلاری قازانج کردبوو.
بەپێی راگەیەندراوەکەی DNO، کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە هەرێم 109 هەزار و 100 بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە چارەکی دووەم زیادیکردووە بە جۆرێک لەو چارەکەدا 107 هەزار و 200 بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێنابوو. لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022ـدا کۆمپانیای DNO لە کێڵگەی پیشخابوور 62 هەزار بەرمیل، لە کێڵگەی تاوکێ 46 هەزار و 500 بەرمیل و لە کێڵگەی باشیکیش 600 بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە، کە ئەوەی سێیەمیان تازە دەست بە بەرهەمهێنان کراوە تیایدا.
لە چارەکی دووەمی ساڵی 2022ـدا تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی کۆمپانیای DNO لە کێڵگەی تاوکێ 44 هەزار و 600 بەرمیل و لە کێڵگەی پیشخابووریش 62 هەزار و 300 بەرمیل بووە، کە بەیەکەوە 106 هەزار و 900 بەرمیل بووە، بەوەش لە چارەکی سێیەمدا کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی هەرێم زیاتر لە دوو هەزار بەرمیل رۆژانە زیادبووە.
کۆمپانیای DNO لە ساڵی 1971 دامەزراوە و کۆنترین کۆمپانیای نەرویجیی بواری نەوتە. لە ساڵی 2004ـدا یەکەم کۆمپانیای نەوتی بوو بچێتە هەرێم و بەر لە دامەزراندنی پیشەسازیی نەوت و گاز دەستی بە پڕۆسەی گەڕان کرد. لە ساڵی 2007ـدا دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ کرد؛ ئێستا لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخابوور و باشیک نەوت بەرهەم دەهێنێت.