کۆمپانیایەکی نەوت پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی راگەیاند

کۆمپانیای شلۆمبێرگەر ـی ئەمریکی رایگەیاند، پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 59 دەربارەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق راگەیاند.

لەراگەیەندراوێکدا کۆمپانیای شلۆمبێرگەری ئەمریکی ئاماژەی بەوەکرد کە پابەند دەبێت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 59 سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ئەگەری نەبوونی رەزامەندنی لەلایەن وەزارەتی نەوت، هیچ تەندەرێک وەرناگیرێت.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە سەرجەم هەوڵەکان دەخرێنەگەر لەپێناو چارەسەرکردنی پرسە پەیوەندیدارەکان بەو گریبەستە نەوتییانە کە لە ئێستادا لە هەرێم هەیە.

کۆمپانیای شلومبێرگەری ئەمریکی یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت و لە 120 وڵات پرۆژەی هەیە. پێشتریش لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم، ئامادەیی هەبوو و هاوکاری کۆمپانیاکانی داوە.

پێشتر دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە بریاریکدا رایگەیاندبوو کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق نادەستوورییە و پێویستە سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکان رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت.

شایەنی باسە دوا بە دوای بڕیارەکە، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەصری حکومەتی فیدراڵی نیە بە پێی ماددەی 112ـی دەستور و ئەم ماددەیەش دانی ناوە بە مافی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان".