کۆبوونەوەی چوارچێوەی‌ هه‌ماهەنگی‌ دواخرا

کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی‌ ئەمڕۆی‌ سەرکردەکانی‌ هاوپەیمانیی‌ چوارچێوەی‌ هه‌ماهەنگی‌ بۆ دوو رۆژی‌ داهاتوو دواخرا، کە بڕیاربوو تیایدا تاوتوێی‌ كاندیدی سەرۆکوەزیران بکەن، وتەبێژی‌ هاوپەیمانیی‌ نەسریش دەڵێت، "رێککەوتووین کە 20ی‌ تەممووز کۆبوونەوەی‌ پەرلەمانی‌ عیراق ئەنجام بدرێت بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆک کۆمار".
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ 13ی‌ تەممووزی‌ 2022 سەرکردەکانی‌ هاوپەیمانیی‌ چوارچێوەی‌ هه‌ماهەنگی‌ لە بەغدا کۆببنەوە و یەکێک لەو پرسانەی‌ دەبوو تاوتوێی‌ بکەن كاندیدی سەرۆکوەزیرانی‌ داهاتووی‌ عیراق بوو.
 
ئەحمەد وەندی‌، وتەبێژی‌ هاوپەیمانیی‌ نەسر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی‌ هاوپەیمانی چوارچێوەی‌ هه‌ماهەنگی‌، بە میدیاکانی راگەیاندوە، "دواخستنی‌ کۆبوونەوەی‌ سەرکردەکانی‌ چوارچێوەی‌ هه‌ماهەنگی‌ لەسەر داواکاری بەشێک لە لایەنەکان بووە".
 
وتەبێژی‌ هاوپەیمانیی‌ نەسر وتیشی، "بڕیارە لە کۆبوونەوەی‌ داهاتووی‌ چوارچێوەی‌ هه‌ماهەنگی‌ لانی‌کەم ناوی‌ سێ كاندید دیاری بکرێن بۆ پۆستی‌ سەرۆکوەزیران، بەڵام تا کورد پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی نەکاتەوە، ناوی‌ كاندیدی‌ سەرۆک وەزیران بە فەرمی‌ راناگەیه‌ندرێت".