کوێت دوای حەوت ساڵ باڵیۆزەکەی ناردە ئێران
ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران رایگەیاند، دوای نزیکەی حەوت ساڵ، کوێت باڵیۆزی لە تاران پایتەختی ئێران دامهزراند.
لە هەواڵێکیدا ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێرانئاماژەی بەوەکردووە کە بەدر عەبدوڵڵا مەنیخ، باڵیۆزی نوێی کوێت لە تاران وێنەیەکی لە نامەی متمانە پێبەخشینی پێشکەشی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.
هاوکات ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە میانی کۆبوونەوەی نێوانیاندا حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و بهدر عەبدوڵڵا مەنیخ تاوتوێی بابەتی پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.
پێشتر سعوودیە لە 2ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2016ـدا 47 کەسی بە تۆمەتی تیرۆر کە كهسایهتی ئایینی شیعهمهزههب، نەمر نەمر-یشیان تێدابوو، لەسێدارەدا. لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین لهلایهن چەند بەرپرسێکی ئێرانییهوه لە بەرامبەر لەسێدارەدانەکان، خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتابوویە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشھەد و ئاگریان لە باڵەخانەکان بەردابوو.
دوابەدوای ئەو رووداوانە هەریەک لە سعوودیە، بەحرێن و سوودان پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران پچڕاند و ئیمارات پەیوەندییەکانی بۆ ئاستی کاربەڕێکەر دابەزاند. هاوكات کوێت باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندەوە و بوو بە پێنجەم وڵات هەنگاوی دیپلۆماسی لە دژی ئێران بگرێتەبەر.