کرێی مانگانەی ئاوی ماڵان 75٪ کەمکرایەوە

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند کرێی مانگانەی ئاوی ماڵانیان کەمکردووەتەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند کرێی مانگانەی ئاوی ماڵانیان کەمکردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 25-4-2022 ساسان عەونی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر (ئەربیل) وتی "زیاتر لە 300 هەزار هاوبەشی ئاوی ماڵان تائێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە و بەو هۆیەوە کرێی مانگانەیان بە 80 هەزار دینار بۆ هەژمار کرابوو، بەڵام دوای ئەوەی لە رێگەی فەرمانگەکانەوە داخوازیی هاووڵاتیانمان بۆ کەمکردنەوەی پارەکە پێگەیشت، داواکەمان بۆ سەرۆکایەتیی دیوان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردەوە و پێشنیازەکەمان پەسندکرا".

 ئاماژەی بەوە کرد، "کرێی ئاوی ماڵان بۆ ئەوانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە لەناو سەنتەری شارەکان بۆ 20 هەزار دینار کەمکرایەوە، واتا بە رێژەی 75٪. ئەو هاوبەشانەی لە دەرەوەی شارە گەورەکان یان لە کۆمەڵگە و قەزا و ناحیەکانن و پێوەری ئاویان نەبەستووە، کرێی مانگانەی ئاویان لە 80 هەزار دینارەوە بۆ 10 هەزار دینار کەمکرایەوە".

لەبارەی شوێنە بازرگانییەکانیشەوە ساسان عەونی رایگەیاند "بۆ شوێنە بازرگانییەکانیش کە پێوەری ئاویان نەبەستووە، کرێی مانگانەی ئاو کە 200 هەزار دینارە بە رێژەی 40٪ کەمدەکرێتەوە".

لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە هەرێم ، ساسان عەونی ووتی: "فەرمانگەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 81 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو و پێنج هەزار و 700 بیریان لەبەردەستە، رۆژانە ئاوی خواردنەوە بە بڕی دوو ملیۆن و 684 هەزار و 606 مەتری سێجا بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن".

ئاشکراشیکرد "تێچووی بەرهەمهێنانی هەر مەترێکی سێجا ئاوی پاک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان 335 دینار دەکەوێت. بۆیە بەرهەمهێنانی ئاو یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاری جیدی بۆ کردووە و هەر شار و شارۆچکەیەکیش پێویستی بە پڕۆژەی ئاو هەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لێبڕاوانە بڕیار دەدات و کاری لەسەر دەکات".

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم راشیگەیاند "دوا بڕیار لەبارەی دابینکردنی ئاو، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بوو کە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار پارەی بۆ تەرخانکراوە و لە ماوەی داهاتوو دەچێتە تەندەرینەوە".