مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەبۆنەی جەژنی رەمەزان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، تیایدا چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی بەغداد – تاران و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەبۆنەی جەژنی رەمەزان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، تیایدا سەرۆککۆماری ئێران پیرۆزبایی جەژنی لە گەلی عێراق کردووە.
هاوکات، رەئیسی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی بەئاڕاستەی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەکان بە هەنگاوی ئەرێنی ناوبردووە کە بوونەتە هۆی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی عێراق هیوای خواستووە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق پەرەی زیاتریان پێبدرێت، بە جۆرێک ببێتە هۆی پێشکەوتن و لەبەرژەوەندی هەردوو گەلدا بێت، هەروەها ئومێدەواربووە پەیوەندییەکان بخرێنە خزمەت بنیادنانەوە و پاراستنی ئاسایشی گەلانی ناوچەکە.