کازمی و حەلبووسی دواهەمین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە 07-08-2022، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوانیان بڵاوکرایەوە.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "پێشوازیم لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و بارودۆخی سیاسی ئێستای وڵات تاوتوێ کرا".

وتیشی، "لەمیانی دیدارەکە بیروڕا ئاڵوگۆر کرا و تاوتوێی دوا پێشهاتە سیاسیەکان و پەرلەمان کرا، لەگەڵ رێگەکانی پتەوکردنی لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی هێزە سیاسیە نیشتمانیەکان لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارەی کازمی پێشکەشی کردبوو، بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا و چارەسەرکردنی، لەپێناو بەرژەوەندی گەلی عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد کە لەمیانی دیدارەکە هەردوولا بۆچوونی هاوبەشیان خستەڕوو بۆ پتەوکردنی رێرەوی دەستووری و یاسایی کە بەرژەوەندی هاووڵاتییان لەپێشینە بێت، ئەنجامەکانیش لەبەرچاو بگیرێن کە گوزارشتی راستەقینە لە خواست و ئیرادەی گەلی عێراق بکات لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.