کازمی و ئەلحەکیم دواهەمین پێشهاتە سیاسییەکانیان تاوتوێکرد

سەرۆکی رەوتی حیکمە پێشوازیی لە سەۆکوەزیرانی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا باس لە دواهەمین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان کرا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی 8ـی 2022، عەمار ئەلحەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەغداد پێشوازیی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و لە راگەیەندراوێکدا هاتووە، "دواهەمین پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان تاوتوێکرا و جەخت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان لە دامودەزگاکانی حکومەت کرا".

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "جەختمان لە وەبەرهێنانی زۆری دارایی نرخی نەوتی بەرز لە باشکردنی واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کردەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەروەها جەختمان لە گرنگیدان بە سێکتەری کارەبا دا بۆ ئەوەی پچڕانی کارەبا دووبارە نەبێتەوە وەک دوێنێ کە لە چەند پارێزگایەک بۆ ماوەیەک کوژایەوە. تەئکیدمان لە چاکسازی سیستەمی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کرد".