کازمی: عێراق بە یەکێک لە سەختترین قەیرانیدا تێدەپەڕێت لە ساڵی 2003ـوە

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، عێراق بە یەکێک لە سەختترین قەیرانە سیاسییەکاندا تێدەپەڕێت کە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003ـەوە بەخۆیەوە بینیبێتی.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17-09-2022، مستەفا کازمی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی "چلەی ئیمامی حوسێن" بڵاویكرده‌وه‌ تیایدا رایگەیاند، "عێراق بە قەیرانێکی سیاسیدا تێدەپەڕێت، کە رەنگە یەکێک بێت لە سەختترین قەیرانەکانی دوای ساڵی 2003"، بە ئاماژەدان بە شكستی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، كه‌ نزیكه‌ی ساڵێكه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌ڕێوه‌چووه‌.

کازمی دەڵێت، "بانگەوازی من بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م بۆنەیە بکەن بە دەرفەتێک بۆ کاری هاوبەش، چونکە عێراق و عێراقییەکان ئەمانه‌تن لە ئەستۆی هەمووان و شایستەی ئەوەن لەپێناویاندا هەموو قوربانییەک بدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێد و ئیرادەیان هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، بە مەبەستی پەڕینەوە و هەنگاونان بەرەو عێراقێکی ئارام و سەقامگیر.