ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18-10-2022، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی داوای له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق كرد، ئازادی ته‌واو بده‌نه محه‌مه‌د شیاع سوودانی بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌سی شیاو بۆ پۆسته وزارییه‌كانی كابینه‌كه‌ی.
كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له‌ماوه‌ی 28 مانگدا كه له‌و پۆسته‌دابووه، ته‌نها 6 مانگ له‌رووی یاساییه‌وه حكومه‌ته‌كه‌ی خاوه‌نی بودجه بووه، كه‌چی له‌رووی ئابووری و ئه‌نجامدانی كاروباره‌كانه‌وه، ده‌ستكه‌وتی گرنگ و سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه.
مسته‌فا كازمی روونیكردووه‌ته‌وه، كاتێک پۆستی سه‌رۆکوه‌زیرانی وه‌رگرتووه، حكومه‌تی عێراق خاوه‌نی 49 ملیار دۆلار یه‌ده‌گی پاره‌بووه، كه‌چی ئێستا یه‌ده‌گی پاره‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراق گه‌یشتووه‌ته 85 ملیار دۆلار. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به یه‌ده‌گی زێڕ، پێش كابینه‌كه‌ی، یه‌ده‌گی زێڕی عێراق 96 ته‌ن بووه و ئێستا 134 ته‌ن زێڕه.
كازمی باسی له‌وه‌شكردووه، ئه‌و گه‌شه‌پێدانه ئابوورییه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، به‌ڵكو بۆ ئه‌و چاكسازییه ئابوورییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌ركاربوونی كابینه‌كه‌یه‌وه، په‌یڕه‌ویانكردووه.
سه‌باره‌ت به دیارنه‌مانی 3.7 ترلیۆن دیناره‌كه‌ی هه‌ژماری ده‌ستی گشتی باج له بانكی رافیده‌ین، کازمی وتی، ئه‌و پرسه په‌یوه‌ست نییه به هه‌موو حكومه‌ته‌وه، به‌ڵكو پرسێكی تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌یه‌گی ده‌وڵه‌ت، كه له ساڵی 2021ـه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌و بابه‌ته ده‌ستپێكردووه و ئێستا كه چه‌ند لایه‌نێک ده‌زانن ده‌گاته ئه‌نجام، ده‌یانه‌وێت له ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌كه‌ی بۆ چاكسازی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌مبكه‌نه‌وه.
كازمی پشتیوانی خۆی بۆ محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق ده‌ربریووه و وتوویەتی، “بڕوای تەواومان بە حکومەتی داهاتووی عێراق هەیە، پێویستە لەماوەیەکی کەمدا كابینه‌ی نوێ پێكبهێندرێت و بەرپرسیاریەته‌کانی بەرامبەر بە هاووڵاتییان بەجێبگەیه‌نێت و کارەکانی ئەنجامبدات.