کارکردن لە بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری لە تەواوبوون نزیکبووەتەوە
شارەوانی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتریی هەولێر تەواو بێت و بەڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.
لە راگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەداوە، کارکردن لە بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتریی هەولێر بەردەوامە و تەواوبوونی کارەکانی شەقامەکە گەیشتووەتە 93%.
جێی باسە، بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری بە درێژی 7.6 کیلۆمەتر کە لە رێگەی نێوان شەقامی سەرەکی شەقڵاوە تاکو شەقامی کۆیە، لە ئێستاشدا 93% کارەکانی تەواو کراوە.
کارکردن لەم بەشانە بەردەوامە:-
- چینی کۆتایی قیڕتاوکردن.
- دانانی هێماکانی هاتووچۆ.
- هێڵکاری شەقام.
- پەرژینی سەلامەتی.
شارەوانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختیشی کردووەتەوە کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی پڕۆژەکە کۆتایی بێت و ئەو بەشەش بەڕووی شوفێران و هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.