ژمارەی گیانلەدەستداوان بەهۆی سەرماو سۆڵەوە لە ئەمریکا گەیشتە 65 کەس

لەکاتێکدا بەفری سەر شەقامەکانی شاری بەفڵۆی ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا کە لە هەندێک ناوچەی نزیکەی 130 سانتیمەتر بەفری تێدا باریوە، لە سەرتاسەری ئەمریکا، بەلایەنی کەم 65 کەس بەهۆی سەرما و سۆڵەوە رەقبوونەتەوە. تەنیا لە نیویۆرک نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەستداوە.

پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا بە شاری بەفڵۆدا بڵاوبوونەوە و کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێن. بەشێکیان هاوکاریی تیمەکانی شارەوانی دەکەن و شەقامەکان پاککەنەوە، بەشێکیان بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە رەنگە هێشتا لەنێو بەفردا مابنەوە.

بایرۆن بڕوان، سەرۆکی شارەوانیی بەفڵۆ دەڵێت، "زیانی گیانی لە کاتی ئەو شەپۆلی سەرمایە بۆ هەموومان زۆر بە ئازارە. دڵمان شکاوە. شاری بەفڵۆ و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەفڵۆ 28 کەیسی تۆمارکردووە، کە بەهۆی رووداوە پەیوەندیدارەکان بەم شەپۆلەوە گیانیان لەدەستداوە.

خەڵکی ویلایەتی نیویۆرک بەفرێکیان بینی کە بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، لە 45 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەی قوربانییانی ئەم سەرماوسۆڵەیە ریکۆردی بەفرە سەختەکەی ساڵی 1977ـی شکاند کە بەهۆیەوە 29 کەس گیانیان لەدەستدا.