چین داوا لە ئەمریکا دەکات فڕۆشتنی چەک بە تایوان رابگرێت

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین هۆشداریی دەداتە ئەمریكا و داوا دەکات کە فرۆشتنی چەک بە تایوان رابگرێت و بەزووترین كات ئاڵوگۆڕی سەربازیی خۆی لەگەڵ تایوان كۆتایی پێ بهێنێت.

ئەمڕۆ شەممە 04-03-2023، تان كێ فێی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین رایگەیاند، "داوا لە ئەمریكا دەكەین هەم فرۆشتنی چەک بە تایوان رابگرێت و هەمیش چیدیكە دەستوەردان لە كاروبار و پرسی تایوان نەكات". دەشڵێت، ئەمریكا هۆكاری سەرەكیی گرژیی و كێشەكانی تایوان و چینە و ئەگەر بێتو دەستوەردانەكانی رابگرێت كێشەكان دەگەنە كەمترین ئاستی خۆیان.

ئەم كاردانەوە تووندە لە وەڵامی ئەوەدا هاتووە كە ئەمریكا بڕیاری داوە بە بڕی نزیكەی 620 ملیۆن دۆلار چەک بە تایوان بفرۆشێت كە تێیاندا مووشەكی فڕۆكەی ئێف 16ـش هەن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین هۆشداری دەدات كە ئەم كارەی ئەمریكا دەستوەردانی راستەوخۆیە لە كاروباری ناوخۆیی چین و بەردەوامیی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە پەیوەندییەكانی وڵاتەکەی و ئەمریكا بەرەو ئاراستەیەكی خراپ دەبات.