چوارچێوەی هەماهەنگی: داوا دەکەین هێزە سیاسییەکان یەکبگرنەوە، گفتوگۆ لەگەڵ رەوتی سەدر ناکەین

چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو پەیامێکی لە رەوتی سەدر و گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئەو رەوتە رەتکردەوە تاکو پەشیمان نەبێتەوە لەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەنجامدراون

چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو پەیامێکی لە رەوتی سەدر و گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئەو رەوتە رەتکردەوە تاکو پەشیمان نەبێتەوە لەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەنجامدراون.

چوارچێوەی هەماهەنگی مانگرتنی ئەمڕۆی لایەنگرانی سەدری لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سەرکۆنە کرد و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات هەڵوێستی بەرامبەر بەو رەفتارەی لایەنگرانی سەدر هەبێت.

رۆژی سێشەممە، 23ـی ئابی 2022، چوارچێوەی هەماهەنگی، لە راگەیێندراوێکدا مانگرتنی ئەمڕۆی لایەنگرانی سەدری لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سەرکۆنە کرد و بە "داگیرکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان"ـی ناوبرد رایگەیاند، "چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکۆنەی تەواوی ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارە بۆ سەر دامەزراوەی دادوەری و هەڕەشەکانی کوشتن بەرامبەر سەرۆکی دادگەی دەستووری دەکات و داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و چالاکییە کۆمەڵگەییەکان دەکات بێدەنگ نەبن، بەڵکو دەستپێشخەربن بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە".

چوارچێوەکە هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ رەوتی سەدر و پەیامەکانی ئەو رەوتە رەتدەکاتەوە ئاماژە بەوەش دەکات، "پێشوازی لە هیچ پەیامێک لە رەوتی سەدریییەوە یان هەر بانگەشەیەک بۆ وتەبێژی راستەخۆ لەگەڵ ئەو رەوتە ناکەین، تا ئەوکاتەی لە داگیرکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت پەشیمان نەبێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ ریزی ئەو هێزانەی باوەڕیان بە چارەسەرییە ئاشتییە دیموکراسییەکان هەیە".

جێی باسە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر بەشێک لە مانگرتنەکانیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.