چاوشئۆغلو: عێراق ناتوانێت بە شێوەیەکی چاڵاک رووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "بەداخەوە رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق زۆر مەترسیدارن و عێراقیش ناتوانێت بە شێوەیەکی چاڵاک رووبەڕوویان ببێتەوە".

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری کەناڵی TV100ـی تورکی کرد و ئاماژەی بە دواهەمین پێشهاتەکانی رۆژەڤ و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دا.

چاوشئۆغلو لەسەر پرسیاری موشەکبارانکردنی کونسوڵگەری تورکیا لە مووسڵ رایگەیاند کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق تاوەکو ئەمڕۆ بوونیان هەیە و بەڵام بە هاوکاری تورکیا لە ئێستادا داعش لە عێراق و سووریا بێهێزبووە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، "پێشتریش هێڕش کراوەتە سەرمان، بە بەردەوام لەبارەی دەستدرێژییەکان دامەزراوەکانی عێراقمان ئاگەدارکردووەتەوە. پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکانی ئێمە لە ئەستۆی کێیە؟ لە ئەستۆی حکومەتی عێراق دایە. بۆیە پێویستە عێراق بەو ئەرکەی خۆی هەڵبستێت. رێککەوتننامەی ڤیەننا روونە. پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتی ئێمەش لە ئەستۆی ئێمە دایە.

شایەنی باسە وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە هەرەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەر نێردەکانی تورکیا لە عێراق هەیە و وتیشی، " بەداخەوە رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق زۆر مەترسیدارن و عێراقیش ناتوانێت بە شێوەیەکی چاڵاک رووبەڕوویان ببێتەوە. هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەو پروپاگەندانەی کە ئاراستەی ئێمە دەکرێت".

مەولود چاوشئۆغلو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق زۆر گرنگە و وتیشی، "ئەوەی ئێوارەی دوێێ روویدا هەمان ئەو دەستدرێژییەیە کە لە رابردووش رووبەڕووی بوینەتەوە".