پەیامی سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیی
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • پەیامی سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیی

پەیامی سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیی

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
پەیامی سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیی
0

لایک

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ بۆنه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووە، جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە هەرێمدا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کاری رۆژنامەوانیی رەخسێنراوە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سەرۆکی حکومەت:

لە (124)ـمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی (ڕۆژنامەی كوردستان) لەسەر دەستی خواڵیخۆشبوو میر میقداد میدحەت بەدرخان و هاوكارانی، کە هاوكاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا، پیرۆزبايیەكی گەرم لە سەرجەم راگەیاندنکاران و رۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

ڕاگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی هەیە کە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی راست و دروستە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان هەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردستاندا بکات و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیتیكی پیشەیی میدیاكاریدا، بە گیانێكی بەرپرسیارانە و بە باشترین و جوانترین شێوە، لە خزمەتی كۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بێت.

جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە هەرێمی كوردستاندا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کار و بزاڤی رۆژنامەوانیی و ئازادی راگەیاندن بە گشتی رەخسێنراوە و سەدان دەزگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی راگەیاندن، سوودیان لەم کەشە ئازادە وەرگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کردووە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارە راستەقینەکانی کوردستان بکەم کە رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک، ئەم پیشە و ئەرکە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ رێزی و سووکایەتیکردن بە بەها بەرزەکانی نیشتمان بەکاربهێنن.

لە کۆتاییدا بە رێز و پێزانینەوە، یادی رۆژنامەوانە پێشەنگەکان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی كوردستانیان کردووە.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

22ی نیسانی 2022