بهبۆنهی یادی لهدایكبوونی محەمەد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.)، دەسەڵاتداران و کەسایەتییە باڵا حیزبییەکان پهیامی پیرۆزباییان بڵاوكردهوه.
پەیامی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
بهبۆنهی یادی له دایكبوونی پێغهمبهری مهزن، حەزرەتی محهمهدولمستهفا (دروودی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی له هەموو موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دهكهم.
لهم بۆنه پیرۆزهدا لە خودای گەورە داواكارم دهرگای خێر و بهرهكهت و رەحمەت به رووی گهلی كوردستان و گهلانی عێراق و ناوچهكه بكاتهوه و ئاشتی و مرۆڤدۆستی سەرانسەری جیهان و ناوچەكەمان بگرێتەوە.
هەروەها لە یەزدانی مەزن دەخوازم فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی لەناو گەلەكەماندا قووڵتر و فراوانتر ببێت.
والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته
مسعود بارزانی
8ی تشرینی یەكەمی 2022
پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم:
بەبۆنەی یادی پیرۆزی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامهوه حەزرەتی محەممەد (دروودی خوای لەسەر بێت) گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم.
هیوادارم ئەم یاد و بۆنە پیرۆزه، خێر و خۆشی و ئاسوودەیی لێ بکەوێتەوە و هاندەر بێت بۆ پابەندبوونی زیاتر بە بەها و وانە مەزنەکانی پەیامی ئاشتیخوازانەی ئایینی ئیسلامەوە.
با هەموو لایەکمان ئەو یادە بکەینە دەرفەتی قووڵکردنەوەی زیاتری گیانی لێبوردەیی و چاکەخوازی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
لەم بۆنە پیرۆزەدا لە خوای مەزن تکاکارم، گەلی کوردستان و عێراق و موسڵمانان و مرۆڤایەتی لە ههموو نەهامەتییەک بپارێزێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
12ی رهبیعی یهکهمی 1444 کۆچی
8-10-2022
پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:
بەبۆنەی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیسلام حەزرەتی موحەممەد ( دروودی خوای لە سەر بێت) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم.
لە خوای مەزن و دلۆڤان دەپاڕێینەوە، ئەم بۆنە پیرۆزە، ببێتە هاندەرێکی زیاتر، بۆ برەودان بە بەها بەرز و مرۆییەکانی ئایین و قووڵکردنەوەی کولتووری تەبایی و لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێو گەلانی جیهاندا.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پەیامی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) دروودی خوای لەسەر بێت، پیرۆزبایی لە مسوڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە مایەی خێرو خۆشی و گەلەکەمان بخاتە سەر شاڕێی یەکڕیزی و تەبایی و لێبوردەیی و یەکگوتاریی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانماندا.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران