پەرلەمان و حکومەت لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر راگەیەندراویان بڵاوکردەوە

لە راگەیەندراوێکدا پەرلەمانی کوردستانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ سەر کێڵگەی گازی سروشتی کۆرمۆر رایگەیاندووە، "بەداخەوە جارێکی دیکە گرووپە لە یاسا دەرچووە گێرەشێوێنەکان هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. ئەوەش درێژکراوەی زنجیرەیەک هێرشی ترسنۆکانەیە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەستووری عێراقی بۆ بەرژەوەندی خەڵک فەراهەم کراوە".

هاوکات لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "وێڕای بە توندی سەرکۆنە کردنی ئەو هێرشانە، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین پابەندییان بە هەماهەنگییەکانیان لەگەل حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن، و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەو ناوچانە دروست بووە پڕ بکەنەوە".

شایەنی باسە پەرلەمان راشیگەیاندووە کە پێویستە بە پەلە ئەنجامدەرانی هێرشەکە بدرێنە لایەنی پەیوەندیدار و تێیدا هاتووە، "هاوکات ئەرکی حکومەتی عێراقیشە بەپەلە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، و هەموو رێکارێک بگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دامەزراوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی کوردستان و لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بنیاتنراون و موڵکی خەڵکی هەموو عێراقن، و ماف و دەسکەوتی خەڵکی کوردستانن، بۆیە پێویستە پارێزگاری تەواویان لێ بکرێت، بۆ ئەمەش لێژنەکانی ناوچە کوردستانییەکان و وزە و سامانە سرووشتییەکان و ناوخۆ و پێشمەرگە رادەسپێرین تا لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوونی ورد بکەن لە هۆکاری دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و چۆنیەتی زامنکردنی زیاتری ئاسایشی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابوری ھەرێمی کوردستان".

لەلایەکی دیکەوە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، "هێرشکردنەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە ئەمڕۆ لە لایەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوی یاسا ئەنجام درایەوە ، بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین".

هاوکات لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، "داوا لە حکومەتی فیدرال دەکەین، ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە".

لە بەشی کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستانە".

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە سێ مووشەک ئاراستەی کێڵگەی گازی سروشتی کۆرمۆر کە لەلایەن دانەغاز ـەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کرا. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند کە لە ئێستادا بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەردەوامە و هێرشەکە کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی گازی سروشتی نەبووە.