پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا لەنێو پەرلەمان گیان لەدەستدەدات

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 02-11-2022، مەحمود شاکر سەلامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لەنێو پەرلەمان گیانی لەدەستدا.

مەحمود شاکر سەلامی لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان جەڵتەی دەماغ لێیداوە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە بەغداد گیانی لەدەستداوە.

مەحمود شاکر گاتع جیلاوی سەلامی، ساڵی 1969 لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار لە دایکبووە؛ ئەندامی لێژنەی پلاندانانی ستراتیژی و خزمەتی فیدراڵی و نوێنەری پارێزگای زیقار بوو.

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا هەواڵی گیان لەدەستدانی مەحمود شاکر سەلامی راگەیاند. هەروەها پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی کرد و هیوای خواست خودای گەورە سەبر و ئارامی بداتە کەسوکار و خۆشەویستانی.