پەرلەمانتارانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد

پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەتی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی رەوتی سەدر ئەنجامدا و پەرلەمانتارە نوێیەکان سوێندی یاساییان خوارد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی دانیشتینێکی تایبەتی ئەنجامدا.

(64) پەرلەمانتاری نوێ شوێنی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدرییان گرتەوە و سوێندنی یاساییان خوارد و نۆ کەس لە جێگرەوەکان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون و دوای سوێندخواردنەکە دانیشتنی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە (12)ی ئەم مانگە دوای ئەوەی موقتەدا سەدر فەرمانی بە پەرلەمانتارانی کرد دەستلەکاربکێشنەوە، سەرجەمییان کە (73) پەرلەمانتاربون نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان رادەستی سەرۆکی پەرلەمان کرد و دەستلەکارکێشانەوەکەیان پەسەند کرا.

دواتر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بەپێی یاسا شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان پڕدەکرێتەوە و هەر کەسێك دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرابێت، مافی ئەندامێتی لە پەرلەمان نامێنێت.