پەرلەمانتارانی سەربەخۆ “لێژنەی دانوستانکار” بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان پێکدەهێنن

پەرلەمانتارانی سەربەخۆ رایدەگەیێنن، ئەمڕۆ یەکشەممە "لێژنەی دانوستانکار" بۆ پڕۆژەی دانوستان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی و هاوپەیمانی سێ قۆڵی(رزگاری نیشتمانی) پێکهێنراوە.

حوسێن عەرەب، ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆ بە میدیا خۆجێیەکانی راگەیاند، بە مەبەستی چارەسەرکردنی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لێژنەی دانوستانکاریان پێکهێناوە بۆ بەدەم چوونی هەریەک لە (کوتلەی سەدری، چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی سیادە و کوتلە کوردییەکان) بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان.

ئەوەشی ئاشکراکرد، "پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئامادەن چارەسەری قەیران و دۆخی چەقبەستوویی عێراق و پێکهێنانی حکومەت بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد کە"پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەهیچ شێوەیەک چاویان لە پۆستی سەرۆکی حکومەت نییە، بەڵام دوای ئەو دۆخەی کە لە عێراق سەریهەڵدا، بڕیارماندا ئەم چەقبەستنە سیاسییە چارەسەر بکەن".