رۆژی ٢٦-٥-٢٠٢٢، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبهتی سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق، لەگەڵ كەسی یەكەمی شەش لایەنی هەرێم له بارهگای نهتهوهیهكگرتووهكان له ههولێر(ئەربیل) کۆبووەوە.
تێیدا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری پرسە سیاسییە رۆژەڤەکانی هەرێم، لەوانەش پرسی هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێم، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق و کورسی کۆتای پەرلەمان کرا.
دواتر لە رۆژی ٩-٦-٢٠٢٢ دووبارە لایهنه سیاسییهكانی ههرێم بهئامادهبونی نوێنهری تایبهتی سكرتێری گشتی نهتهوهیهكگرتوهكان له سهرۆكایهتی ههرێم كۆبوونهوه و بهگوێرهی بهلاغی كۆتایی كۆبونهوهكهش، كۆبوونهوه تایبهت بووە به بابهتی ئامادهكاریی بۆ ههڵبژاردنی داهاتووی پهرلهمانی كوردستان-عێراق و ههوڵدان بۆ لهیهك نزیككردنهوهی بیروبۆچوونی لایهنهكان لهسهر یاسای ههڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان و راپرسی و چهندین بابهتی دیكهی پهیوهندیدار به ههڵبژاردنهوه.
هاوکات رۆژی چوارشهممه ١٠-٨-٢٠٢٢ به سهرپهرشتيى نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستانی عێراق و به ئامادهبوونى جێنين پلاسخارت، نێردەی تایبهتی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق، كۆبوونهوهى سهرۆكايهتيى ههرێم لهگهڵ لايهنه سياسييهکان لەبارهى ههڵبژاردنى داهاتووى ههرێمى كوردستانی عێراق بهڕێوەچوو.
بەهەمان شێوە، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، “سهرهتاى ئهيلوولى داهاتوو دوايين كۆبوونهوه بۆ يهكلاكردنهوهى تهواوى بابهتهكانى پهيوهست به ههڵبژاردن و چارهسهركردنى كێشهكانى بهردهم پرۆسهكه ئهنجام بدرێت، تا ئهوساش سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان و لايهنه سياسييهكان، به هاوکاریی تیمی پسپۆڕی یوونامی له گفتوگۆ و ئامادهكارى بهردهوام دهبن”.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو لەو سێ کۆبوونەوەی جێنین پلاسخارت، نوێنهری تایبهتی سكرتێری گشتی نهتهوهیهكگرتووهكان له عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئەنجامیدا لە هیچ کام لە کۆبوونەوەکان، نوێنەری پێکهاتەکان بانگهێشتی کۆبوونەوەکان نەکران و بەهیچ جۆرێک راو بۆچوونیان لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە وەرنەگیرا.
بەپێی زانیارییەکان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان بووە و هەر ئەو تەورەش بووەتە هۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان و شێوازی بەڕێوەچوونەکەی مشتوومڕی دروورستکردووە کە بووەتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان.
بۆ ئەم مەبەستە وەک رۆژنامەی تەبا لێدوانمان لە بەرپرسی دوو پێکهاتەی سەرەکی هەرێم وەرگرت، کە ئەوانیش پێکهاتەی تورکمان و کریستیان بوون و بە تووندی نیگرانی خۆیان لەبارەی بەشداری نەکردنیان لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و پلاسخارت دەربری، ئەم هەنگاوەیان بە پشتگوێخستنی پێکهاتەکان لەقەڵەم دا.
لەسەرەتادا ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێم، لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداریپێنەکردنی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان تایبەت بە تەبا دوا.
“بەشداریپێنەکردنی پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەکان نادادپەروەرییە”
ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەکرد کە بەشداریپێنەکردنی پێکهاتەکان نادادپەروەرییە و وتیشی، “یەکێک لە بابەتە رۆژەڤەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پێکهاتەکان و کۆتا بەڵام نوێنەری کۆتاکان بەشدارییان لە دانیشتنەکە پێناکرێت. بەڕاستی ئەمە ناعەدالەتی و نادادییە”.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لەوەشکرد کە پێشتریش ناڕەزایەتییان دەربریوە لەبەرامبەر بەشداریپێنەکردنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، وتیشی، “دەمانەوێت دووبارە نارەزایەتی خۆمان دەرببڕین. مەرجە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا نوێنەرانی تورکمان و کریستیان بەشداریی لە کۆبوونەوەکە بکەن”.
“پێویستە تورکمان بەشداریی بکات لەو کۆبوونەوانە بەتایبەتی ئەوانەی کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجام دەدرێت”
ئایدن مەعروف راشیگەیاند کە تورکمان لە هەرێم پێکهاتەیەکی گرنگە و وتیشی، “ئەمڕۆ بەپێی دەستووری عێراق، تورکمان لە عێراق پێکهاتەی سێیەمن و لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش پێکهاتەی دووەمن” و زیاتر وتی:
“تورکمان وەکو پێکهاتە بەشداریی لە پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت دەکات. هەموو ئەو کارانەی کە کردوومانە لە چوارچێوەی برایەتییەوەیە. بۆیە پێویستە تورکمان بەشداریی بکات لەو کۆبوونەوانە بەتایبەتی ئەوانەی کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجام دەدرێت”.
“ئەگەر لەبارەی کۆتاوە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن بکرێت، پێویستە راوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان و کۆتاکان بکرێت”
ئایدن مەعروف رایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و وتیشی، “بڕیاربوو هەڵبژاردنەکان لە ١ـی تشرینی یەکەم ئەنجام بدرێت بەڵام ئەمە ناکرێت، لەوانەیە دوابخرێت. بڕیار وایە مانگی ئەیلول لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری نەتەوە یەکگتووەکان کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن و لەوانەیە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت. بوونی رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان شتێکی گرنگە. گەر لەبارەی کۆتاوە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن بکرێت، پێویستە راوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان و کۆتاکان بکرێت”.
شایەنی باسە پێکهاتەیەکی تری ئەم هەرێمە پێکهاتەی کریستیانە و بەهەمان شێوە راو بۆچوونیان وەرنەگیراوە لەبارەی هەڵبژاردنەکان و بەشدارییان پێنەکراوە لە کۆبوونەوەکان.
“وەکو کلد و ئاشورەکان، زۆر نیگەرانین نوێنەری پێکهاتە رەسەنەکان بانگهێشتی کۆبوونەوەکان ناکرێت”
لەمبارەیەوە رۆمیۆ هەکاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لەسەر نەتەوەی کریستیان و سكرتێری پارتی دیموكراتی بێت نههرێن بەتەبای راگەیاند، “ئێمە وەکو کلد و ئاشوورەکان، هەروەها پێکهاتەی تورکمانیش زۆر نیگەرانین بەهۆی ئەوەی بەرێز پلاسخارت وەکو نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کە چەندین جارە کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ لایەنەکان، بەڵام نوێنەری پێکهاتە رەسەنەکان بانگهێشت ناکات بۆ کۆبوونەوەکان”.
“هیچ حیسابێک بۆ ماف و داخوازی پێکهاتەکان ناکرێت”
لەبەردەوامی قسەکانیدا رۆمیۆ هەکاری ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە ئەم هەنگاوە بەشێوەیەک لێک دەدەینەوە کە هیچ حیسابێک بۆ پێکهاتەکان و مافی پێکهاتەکان و داهاتووی پێکهاتەکان و داخوازی پێکهاتەکان ناکرێت. کوردستان بە پێکهاتەکانەوە جوانە و بەپێکهاتەکانەوە دەتوانێت تەعبیر لە پێکەوە ژیان بکات. بەڵام لەئاستی دەرەکی و نێودەوڵەتی وەکو یوئێن فەرامۆشی ئەو پێکهاتانە بکاتن ئێمە نیگران دەکات و بە توندیش گلەییمان هەیە و رەخنەی توندیشمان هەیە لە جینین پلاسخارت”.
“دەبێت پلاسخارت کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان ئەنجام بدات”
هەکاری روی دەمی ئاراستەی نوێنهری تایبهتی سكرتێری گشتی نهتهوهیهكگرتووهكان له عێراق کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “بەهۆی بانگهێشت نەکردنمان لەکۆبوونەوەکانی پێشوو، داوا دەکەین یان دەبێت کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان ئەنجام بدات، یاخود لەکۆبوونەوەکانی ئەم جارە نوێنەری پێکهاتەکانیش بەشدار بن، پێچەوانەوەی رووبدات ئەمە لای ئێمەوە ئەوە دەگەیەنێت کە یوئێن تەنها گرنگی بە دەسەڵات دەدات، یوئێن تەنها گرنگی بە حیزبە کوردییەکان دەدات و گرنگی بە کلد و ئاشووری و تورکمانەکان نادات. هیوادارم بۆچوونی ئەو پێچەوانەی ئەو قسانە بێت، واتە لەبەر هەر هۆکارێک بوبێت ئەم جارە نوینەری پێکهاتەکان یاخود وەکو وتمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ پێکهاتەکان ساز بکات و بۆئەوەی ئێمەش لە نزیکەوە و رووبەڕوو داخوازی پێکهاتەکان بۆ بەڕێزیان باس بکەین”.
“نیگەرانین لە راو بۆچوونی زۆرێک لە حیزبە کوردییەکان کە دژی کورسی کۆتان”
شایەنی باسە لەبارەی ئەوەی ئایا لە کۆبوونەوەکان باس لە کورسی کۆتای پێکهاتەکان کراوە رۆمیۆ هەکاری لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا، “ئێمە لە کۆبوونەوەکان نەبووین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێستا باسی کۆتایی پێکهاتەکان بۆتە باسێکی گەرم لەسەرجەم کۆبوونەوە و لە شوێنە فەرمییەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. ئێمە نیگەرانین لە راو بۆچوونی زۆرێک لە حیزبە کوردییەکان کە دژی کورسی کۆتان یاخود دژی سیستەمی کۆتان. باس لە کەمکردنەوەی کورسییەکان دەکرێت، باس لە چۆنییەتی دەنگدان بۆ کۆتاکان دەکرێت و خۆیان ئامادەی کۆبوونەوەکە نین، لە راستیدا دەبێت خودی پێکهاتەکان چۆنییەتی کورسی پێکهاتەکان دیاری بکەن نەک لایەنی دیکە بۆی دیاری بکات”.
رۆژی پێنجشەممە ٢٤-٢-٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ـ عێراقی واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت. بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر چۆنییەتی شێوازی هەڵبژاردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان و جیاوازی راو بۆچوون لەسەر چەند میکانیزمێکی تری هەڵبژرادن، بەوتەی کۆمیسیۆن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردن ناکرێت.