پێنجەم تۆماری دەنگی نوری مالیکی بڵاوکرایەوە: کاریگەریی تۆمارە دەنگییەکان بەسەر مالیکی ـدا چی دەبێت؟
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • پێنجەم تۆماری دەنگی نوری مالیکی بڵاوکرایەوە: کاریگەریی تۆمارە دەنگییەکان بەسەر مالیکی ـدا چی دەبێت؟

پێنجەم تۆماری دەنگی نوری مالیکی بڵاوکرایەوە: کاریگەریی تۆمارە دەنگییەکان بەسەر مالیکی ـدا چی دەبێت؟

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
پێنجەم تۆماری دەنگی نوری مالیکی بڵاوکرایەوە: کاریگەریی تۆمارە دەنگییەکان بەسەر مالیکی ـدا چی دەبێت؟
0

لایک

ئەمڕۆ سێشەممە پێنجەم تۆماری دەنگی نوری مالیکی بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەوەی لە تۆمارە دەنگییەکەدا قسە دەکات نوری مالکی ـیە و تێیدا ئاماژەی بە ململانێکانی نێوان دەزگا باڵاکانی ئێران داوە و هاوپەیمانیى فەتح بە “بێکار” و بڕیاربەدەستى ئێران ناودەبات.

لە 13ـی ئەم مانگەوە ژمارەیەک تۆماری دەنگی بڵاوکراونەتەوە کە گوایە سەرجەمیان هی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسان و تێیدا هەرەشە و تۆمەت بە چەند لایەنێک دەبەستێتەوە. لە دواهەمینیانیشدا پێنجەم تۆماری دەنگی بڵاوکرایەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرکردە باڵاکانی بەدر و فەتح بێکارن و گوێ نادەنە رەوشەکە و سەرقاڵی باخن.

هاوکات مالیکی رایگەیاندووە کە سەرجەم لایەنەکانی فەتح، عەسائیب، حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا بڕیارەکانیان بەدەست ئێرانەوەیە و ناتوانن بڕیار بدەن. هەروەها لە تۆمارە دەنگییەکەدا باس لە کێشەکانی نێوا دەزگا باڵاکانی ئێران دەکات و رادەگەیەنێت کە سەرجەم بڕیارەکان بەدەستی سوپای پاسدارانەوەیە و نایەڵێت ئیتڵاعات دەست لە هیچ رووداوێک وەربدات.

شایەنی باسە مالیکی دەڵێت، “چووم بۆ ئێران و گفتوگۆم کردووە لەگەڵ زۆر لە بەرپرسانى ئەو وڵاتە و لەدواى هەموو گفتوگۆیەک دەڵێن پرسەکە بەدەست فەیلەقى قودسی سەر بە سوپاى پاسدارانە و ئێوە هەوڵەکانتان با لەگەڵ سوپاى پاسداران بێت”.

پێشتر چوار  تۆماری دەنگی دیکە بڵاوبوویەوە، بەر لە کۆتایی تۆمارەکە، مالکی لە تۆماری چوارەمدا هێرش دەکاتە سەر موقتەدا سەدر و بە کەسێکی “ترسنۆک” تۆمەتباری کردبوو. سەرجەم تۆمارە دەنگییەکان لەلایەن کەسێکەوە بڵاوکرایەوە کە ناوی عەلی فازڵ ـە و رۆژنامەوان و نووسەرێکی سیاسی عێراقییە و لە ئەمریکا نیشتەجێیە.

لە یەکەم تۆماری دەنگیدا مالیکی ئاماژەی بەوەکردبوو کە لە ئێستادا شیعە لە دۆخێکی خراپدایە و لە حاڵەتی بەرگریدایە. هەروەها لەبارەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو، “مەسعود بارزانی سوننەی لە ئامێز گرت و بووە مەرجەعیان تاوەکو لە شیعە بدەن”.

هەروەها لە تۆمارە دەنگییەکەدا مالیکی هێرشی کردووەتە سەر موقتەدا سەدر و رایگەیاندووە کە موقتەدا سەدر دەیەوێت ببێتە دەسەڵاتدار و وتیشی، “موقتەدا سەدر دەیەوێ ببێتە دەسەڵاتدار، بەڵام ببێتە دەسەڵاتدار چی دەهێڵێتەوە؟ ئەی ئێستا ئەو دەسەڵاتدار نییە؟ ئەو وەزیرەکانی بە گوێ پەلکێش نەکرد و هەڕەشەی لە وەزیری دارایی نەکرد؟”.

لە دووەم تۆماری دەنگیدا کە لە 13ـ 7ـی 2022 بڵاوکرایەوە، دژایەتی خۆی بەرامبەر بە موقتەدا سەدر نیشان دەدات و رادەگەیەنێت، “لە بەسرە هێرشم کردنە سەر؛ لە شاری سەدر هێرشم کردنەسەر؛ ترسنۆکن. ئێستاش ترسنۆکتر بوون، چونکە دەستیان لە رۆن و پارەی حەرامدایە. سامانی خەڵک و سامانی دەوڵەتیان تاڵان کرد، بکوژن و خوێنیان رشت. موقتەدا چەندی لە بەغدا کوشت؟ لەگەڵ رفاندنی ئۆتۆمبێلی جۆری بەتتە کە خۆی باسی دەکات”.

یەکێک لەو خاڵانەی کە لەو تۆمارە دەنگییەدا لەلایەن خەڵک کاردانەوەی هەبوو، قسەکانی مالیکی بوو لەسەر حەشدی شەعبی کە تێیدا رایگەیاندووە ئەوانەی ئێستا لەنێو حەشدی شەعبیدان ترسنۆکن و وتی، ” ویستم چەند شتێک بکەم. ویستم حەشد وەک سوپای پاسداران لێبکەم، کەچی گوتیان دەیەوێ رادەستی ئێرانی بکات. ئەمڕۆ دۆخەکە زۆر مەترسیدار”.

رۆژێک دوای ئەو بەروارە و لە 14ـی تەمموز، تۆمارێکی دەنگیی دیکە بڵاوکرایەوە و تێیدا مالیکی رادەگەیەنێت کە لە ئێستادا پرۆژەیەکی بەریتانی هەیە و دەیەوێت عێراق رادەستی سوننە بکات و دەشڵێت، “پڕۆژەیەک هەیە کە دەبێ لەنێوی ببەین. ئەو پڕۆژە دەبێ بە کاری سیاسی رووبەڕووی ببینەوە، وەکو چۆن بە کردەی سەربازی رووبەڕووی بووینەوە و رووبەڕوویشی دەبینەوە”.

لە تۆماری دەنگی چوارەمیشدا مالیکی بە توندی هێرش دەکاتە سەر موقتەدا سەدر، رێبەر رەوتی سەدر کە دواجار کاردانەوەی ناوبراوی لێکەوتەوە و رایگەیاند کە پێویستە نوری مالیکی دەست لە سیاسەت هەڵبگرێت. مالیکی لە تۆمارەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە لە داهاتوودا شەڕ روودەدات و پێویستە هەر کەسێک بەرگری لە خۆی بکات. مالیکی دەشڵێت، “لەگەڵ برادەران قسەم کرد و گوتم دۆخەکە هی شەڕە. موقتەدا سەدر دەیەوێ بکوژێت و کەوڵ بکات، وەک ئەوەی خۆی دەیڵێت. سوپا و پۆلیس پشتیان پێ نابەسترێت و هیچیان پێناکرێت. پێویستمان بە چەکە”.

مالیکی لە تۆمارەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی وتووە کە ئەو متمانەی بە سوپا و پۆلیس نییە و دەڵشێت، “نە متمانەم بە تۆ هەیە و نە بە سوپاکەت و نە بە پۆلیست. من خۆم دەپارێزم. دەزانم یەکەم کەس کە موقتەدا سەدر دەیکاتە ئامانج منم، چونکە من رسوام کرد؛ عێراق و شیعەش بۆ موقتەدا سەدر جێناهێڵم”.

مالیکی راشیگەیاندووە کە هەوڵی چەکدارکردنی 10 بۆ 15 گروپ دەدات و دەشڵێت، “(موقتەدا) سێ رەفتاری خراپی هەیە: خوێنی دەوێت و پێیان دەڵێت خوێنم دەوێ، لە کاتێکدا ترسنۆکە؛ پارەی دەوێت و هەموو وڵاتی تاڵان کرد؛ دەیەوێ بڵێ من خودای مەزنی ئێوەم و من پێشەوا مەهدیم و پیاوەکانیشی وای پێدەڵێن. بۆیە قۆناخی داهاتوو قۆناخی شەڕە و کاری لەسەر دەکەم. بابەتەکە ئامادەیی دەروونی و کردارە، لەگەڵ چەک و دابینکردنی چوارچێوەیەک. دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ هێزەکان دابینبکەین”.