پێشمەرگەو سوپای عێراق بۆ پێکهێنانی لیوای هاوبەش لە مەخموور کۆبوونەوە

هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دروستكردنی لیوا ھاوبەشەكان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش لە چیای قەرەچووغ گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

بەپێی زانیارییه‌ سەرەتاییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 05-07-2022، شاندێكی باڵای وەزاری پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی لیوا روكن عیسا عوزێری، سوپا سالاری پێشمەرگە و شاندێكی باڵای سوپای عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق له‌ مه‌خموور كۆبوونه‌وه‌.

ئەم كۆبوونەوەیە لەسەر بنچینەی گفتوگۆكردن بووە لەسەر ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دروستكردنی لیوا ھاوبەشەكان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش لە چیای قەرەچووغ، كە بڕیاربوو ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە سنوورەكە ھەبێت تا ناوچەكە لە چەكدارانی داعش پاكبكەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام نەدراوە.

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ له‌ سنووره‌كه‌ نییه‌، به‌ڵام هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ژووری ھاوبەشیان له‌ سنووری مه‌خموور ھەیە.