پێدانی باج لەسەر بەرهەمی خەیاری هاوردە لەدەرەوەی وڵات راگیرا

وەزیری كشتوكاڵ لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیاردراوە بە راگرتنی بریاری پێدانی باج لەسەر بەرهەمی خەیاری هاوردە لەدەرەوەی وڵات و بڕیارەكەش تا رێكەوتی 30-04-2022 کاری پێدەکرێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەکردووە، پاڵپشت بە یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی ژمارە (4) ساڵی (2008) و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان، بڕیاردرا بە راگرتنی بریاری پێدانی باج لەسەر بەرهەمی خەیاری هاوردە لەدەرەوەی وڵات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەكە تا رێكەوتی 30-04-2022 دەبێت، هەروەها درێژكردنەوەی رێكەوتی دەستپێكردنی قەدەغەی هاوردەكردنی پەتاتەی خواردن بۆ هەمان رێكەوتی ئاماژە پێكراو دەبێت.