پۆلیسی گەرمیان تۆمەتبارێکی بەتۆمەتی دزینی شەش ملیۆن دینار دەستگیر دەکات

پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای سکاڵای خاوەنی نۆرینگەیەک (دەرمانخانە) لەنێو بازاڕی قەزای کەلار کە لە بەرواری 02-01-2023 دزی لەنۆرینگەکەی کرابوو، دوای چاودێری ورد توانرا تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت.

مقدەمی مافپەروەر علی جەمال قدووری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەممە توانیان لەڕێگەی کامێرای چاودێریەوە تۆمەتبار بناسنەوە و دەستگیری بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بەوەدا ناوە کە بڕی شەش ملیۆن دیناری لە نۆرینگەی ناوبراو دزیوە و هەروەها لەچوار نۆرینگە و تاقیگەی دیکە لە گەڕەکەکانی سیروان + شەهیدان + فەرمانبەران دزیکردووە بەوتەی خۆی تەنانەت پارەی نێو سندوقی هاوکاری نەخۆشخانەی هیواشی دزیوە کە تایبەتە بە نەخۆشێکانی شێرپەنجە.

تۆمەتبار دانیشتووی ناحییەی رزگاریە سەربەقەزای کەلار و لەدایکبووی 1977ـە، بۆ شاردنەوەی خۆی لە کامێراکان قژی دەستکردی بەکار هێناوە و بەچەند جۆرێک شێوەی خۆی گۆڕیوە و پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن سێ ساڵ زیندانی کراوە.

شایەنی باسە، لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 بەندکراوە.