پۆلیسی هەڵەبجە: سێ کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوتێک دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، سێ کەسیان بە تۆمەتی دزینی سندووقی خێری لە مزگەوتێک دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەتۆمەتی دزیکردن لە مزگەوتی قوبالە لە گەڕەکی فەرمانبەران، بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە سێ تۆمەتبار بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە بەند کرد.

تایبەت بە تۆمەتباران ئەوەشی ئاشکراکردووە، تۆمەتباران هەستابوون بە شکاندنی سندووقی خێری مزگەوتەکە و بردنی پارەکەی.

ئەوەش هاتووە، هەرسێ تۆمەتبارەکە دانیشتووی سنووری پارێزگای سلێمانین و لەبەردەم بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.