پۆلیسی هەولێر: سێ کەس بە تۆمەتی دزینی ماتۆرسکیڵی گەشتیارێک دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، دوای دزینی ماتۆرسکیلی گەشتیارێکی ئەڵمانی لە هەولێر، ھێزەکانی پۆلیس باندێکی سێ کەسیان دەستگیرکرد کە تاوانەکەیان ئەنجام دابوو و ماتۆرسکیلەکەشیان رادەستی گەشتیارەکە کردەوە تاکو بەردەوام بێت لە گەشتەکەی.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانیان سێ کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە کە پێشینەی تاوانیان هەبوە و نۆ تاوانی دزیکردنی دیکەشیان ئەنجامداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە، ماتۆڕسکیلی ئەو گەشتیارە ئەڵمانییە نرخەکەی نزیکەی 10 هەزار دۆلار بووە و ئەمڕۆ رادەستی خاوەنەکەی کراوەتەوە.