پۆلیسی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی هۆکاری کوژرانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی کوڕەکەی دەدات

درەنگانی شەوی رابردوو یەکشەممە 05ـی 06ـی 2022 لە گوندێکی سنووری پارێزگای هەولێر رووداوێکی کوشتن رووی دا، هەروەها کەسێکیش برینداربوو، پۆلیسی هەولێر هۆکاری رووداوەکەی خستووەتەڕوو.

لە روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر هاتووە، کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی (عارەب کەندی نوێ)- (قەریەتاغ) ئاگادار کرایەوە.

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ھێزەکانیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، دەرکەوت کە کەسی کوژراو ناوی (ھەرێم ئیبراھیم ساڵح)ـە و تەمەن 38 ساڵە و پیشەی پێشمەرگەیە، بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە، هەروەها کوڕەکەشی بەناوی (ھەڵۆ ھەرێم)ـە کە تەمەنی 16 ساڵە بریندار بووە.

لە روونکردنەوەکەدا پۆلیسی هەولێر باسی لەوەش کردووە، هاووڵاتییەکە پێشتر دانیشتووی کەلار بوونە و ماوەیەکە ھاتوونەتە شاری ھەولێر، ھۆکارەکەشی بەهۆی دوژمنداری بووە و بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ئەم مەبەستە پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخرا و دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی ئەنجامدەری تاوانەکە دەرکرد.