پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبارێک بە چەقۆ هاوڕێکەی دەکوژێت

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، دوو هاوڕێ دوای ئەوەی دەبێتە دەمەقاڵێ لە نێوانیان، یەکێکیان چەقۆ ئاڕاستەی سنگی ئەوەی دیکە دەکات و دەیکوژێت و دواتریش خۆی رادەستی پۆلیس دەکات.

لە روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاتووە، شەوی (29/30-10-2022) کاتژمێر (12:00)ـی شەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بەبوونی رووداوێکی شەڕکردن لە بنەسڵاوە، دەست بەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەرکەوت کەوا کەسێک بەناوی (ع. ع. م.)، تەمەن (25) ساڵ، کە لەسەر کێشەیەک لەگەڵ (احمد زیاد احمد) دەبێتە دەمەقاڵیان و شەڕ لەم نێوەندەدا دروست دەبێت تۆمەتبار (ع) بە چەقۆ لە سنگی ناوبراو دەدات و زامدار دەبێت لەبەر سەختی زامەکەی ناوبراو گیان لەدەست دەدات.

تۆمەتبار خۆی رادەستی ئاسایشی دەشتی هەولێر کرد و دواتر ئاسایشی دەشتی هەولێر رادەستی بەشی پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێری کرد بۆ ئەوەی رێککاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار بگیرێتەبەر.