پۆلیسی هەولێر بەنگلادیشییەک لەسەر دزینی 20 هەزار دۆلار دەستگیردەکات

پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) لە راگەیەندراوێک لە پەڕەی فەرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، بەنگلادیشییەک لەسەر دزینی بڕی 20 هەزار دۆلار لە هاووڵاتییەک دەستگیرکراوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر:

بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی ڕۆژهەڵات، دوای ئاگادارکردنەوەیان کەوا لە ناوچەی پیشەسازی باکوور بڕی (٢٠ هەزار دۆلار) لە هاووڵاتییەک دزراوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانییان بە ماوەیەکی کەم شوێنی تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.

تۆمەتباری ئەنجامدەری تاوانەکە، کە خەڵکی بەنگلادیشە و ناوی (م. ن. ح)ە، بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (٤٤٦) لە یاسای سزادان، ڕاگیرا.