پۆلیسی هەولێر ئەو کەسە دەستگیردەکات کە پێشتر لەکاتی گواستنەوەیدا رایکردبوو

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو تاوانبارەی لە کاتی گواستنەوەیدا لە دەستی هێزە ئەمنییەکان رایکردبوو، دەستگیراوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر:

راگەیەندراوێک له بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر

لە ڕێکەوتی (٢٥-٨-٢٠٢٢) تاوانبارێک به ناوی(ئەحمەد سالار مامند) له کاتی گواستنەوەيدا لەدەستی هێوزه ئەمنیەکان رایکرد و خۆی حەشاردا.

دوای بەدواداچوونی تیمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کە پێک هاتووه له بەڕێوەبەرایەتیەکانی دژه تيرۆر و ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر، توانرا شوێنی تاوانبار دەست نیشان بکرێت و له ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بەره بەیانی ئەمڕۆ (۲۰۲۲/۹/۱) تاوانبار دەستگیرکرايەوە و لەگەڵ دوو تاوانباری تر، به ناوەکانی( م . و . ن ) و ( هـ . و . ن) که هەڵسابوون به شاردنەوەی تاوانبار لەلای خۆیان، تاوانباران رادەستی یاسا کران.

هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوه که هیچ تاوانبارێک ناتوانێت لەدەستی یاسا رابکات و هەموومان له خزمەتی ئارامی و سەقامگیری شاری هەولێرین بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، بەردەوام دەبين.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر
١-٩-٢٠٢٢