پۆلیسی هەولێر: ئەو تۆمەتبارەی قاسەی مزگەوتەکانی دەشکاند دەستگیر کرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە کردووە کە قاسەی چەند مزگەوتێکی شکاندووە.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەشتی هەولێر، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ی. ن. م) بە تۆمەتی شکاندنی قاسەی مزگەوتەکان لە سنووری قەزای دەشتی هەولێر دەستگیر کرد.

ئەوەش هاتووە، تۆمەتباری ئاماژەپێکراو، کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر و کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا گیرا، دانی نا بە تاوانەکەیدا کە چەندین جار قاسەی مزگەوتەکانی شکاندووە و پارەکانی بردووە، بۆیە بە بڕیاری بەڕێز داوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، راگیرا و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.