پۆلیسی هەولێر: ئەو تۆمەتبارەمان دەستگیرکرد کە کچێکی لە سلێمانی رفاندبوو

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، گەنجێکیان بە تۆمەتی رفاندنی کچێک لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، دەستگیر کردووە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کوڕێکی تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی کچێکی تەمەن 20 ساڵی رفاندووە و بۆ هەولێری هێناوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی کوڕەکەمان کرد، کە بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، توانیمان ئەو کەسە دەستگیر بکەین و کچەکەش رادەستی کەسوکاری بکەینەوە.

گوتیشی: تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی رێکار و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگی تۆکمە لەنێوان پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

هۆگر عەزیز، راشیگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پۆلیسی هەولێر زیاتر لە 130 تۆمەتباری دەستگیرکردووە و رادەستی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کردونەتەوە، کە لەو شوێنانە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە.