پۆلیسی هەولێر ئاماری رۆژانی جەژنی بڵاوکردەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) هۆگر عەزیز ئاماری چوار رۆژی جەژنی راگەیاند.

لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) ئاماژەی بە ئاماری چوار رۆژی جەژن کرد و باسی لەوە کرد لەماوەی چوار رۆژی جەژندا پێنج حاڵەتی شەڕکردن داوایی یاسایی بۆ تۆمارکراوە.

هاوکات هۆگر عەزیز وتیشی، "پێنچ حاڵەتی دزی تۆمارکراوە، سێیان رێڕەوی یاسایی بۆ گیراوەتەبەر. تۆمەتباران دەستگیرکراون. هەروەها یەک حاڵەتی تەقەکردن روویداوە کە ئەویش داوای یاسایی بۆ تۆمارکراوە".

شایەنی باسە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی، "یەک حاڵەتی خیانەت تۆمارکراوە، یەک حاڵەتی فیڵکردن تۆمارکراوە و رێڕەوی یاسایی گیراوەتەبەر. هەروەها یەک حاڵەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر تۆمارکراوە کە تاوانابرەکە دەستگیرکراوە. لەماوەی جەژندا شەش حاڵەتی هەراسانکردن و بێزارکردنی خەڵک تۆمارکراوە و سەرجەمیان رێڕەوی یاسایی خۆیان وەرگرتووە".

هۆگر عەزیز وتیشی، "کۆی گشتی ئەو داوا یاساییانەی کە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە 41 پەڕاو و سکاڵا بووە. 36 سکاڵا لەوانە یەکلایی بووەتەوە و تۆمەتباران دەستگیرکراون. تەنها 5 حاڵەت ماوە ئەوانیش لەژێر لێکۆڵینەوە دایە".