پۆلیسی سلێمانی: 7 کەس بەتۆمەتی دەستدرێژی کردنەسەر کچێک دەستگیرکران
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • پۆلیسی سلێمانی: 7 کەس بەتۆمەتی دەستدرێژی کردنەسەر کچێک دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی: 7 کەس بەتۆمەتی دەستدرێژی کردنەسەر کچێک دەستگیرکران

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
پۆلیسی سلێمانی: 7 کەس بەتۆمەتی دەستدرێژی کردنەسەر کچێک دەستگیرکران
0

لایک

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی دەستدرێژیكردنە سەر كچێک، مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی 7 تۆمەتباریان دەستگیركرد.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سكاڵای لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆماركرد كە كچەكەی دیارنەماوە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دەركەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكیەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تیكتۆک كچەكە ماڵی بەجێهێشتووە و لەترسا هەڵاتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەسپێكردوو سەرەتا توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە ڤیدیۆكەیان بڵاوكردبووەوە، دواتر لەماوەیەكی كەمدا كچە ون بووەكە دۆزرایەوە و دەركەوت لەماوەی دیارنەمانیدا لەلایەن 5 تۆمەتبارەوە رفێندراوە و لەناو شوقەیەكدا دەستبەسەركراوە و دەستدرێژی سێکسیان كردووەتەسەر.

باس لەوەش کراوە، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی بەردەوام بوو تائەو كاتەی توانرا ئەو تۆمەتبارانەی تر بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی راگەیاندووە، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەناوەكانی :
(ب، خ، ن لەدایكبووی 2005 – م ، ر ، م لەدایكبووی 2002 –م ، م ، ق لەدایكبووی 1999 –گ ، م ، م لەدایكبووی 1988 – ب،ب، ح لەدایكبووی 1995 – چ ، ع ، ح لەدایكبووی 1993-ر ، س، س لەدایكبووی 1989 ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 430 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوان و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا.

جێی ئاماژەیە، دوای دۆزینەوەی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، بەبڕیاری دادوەر كچەكە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە بۆ چارەسەری پزیشكی و پشكنینی پێویست، ھەروەھا بەبڕیاری دادوەر رەوانەی شێڵتەر(خانەی داڵدەدان) لەسلێمانی كراوە.