پۆلیسی سلێمانی: چوار تۆمەتباری تر بەتۆمەتی فاڵگرتنەوە و نوشتە و جادووكردن دەستگیركران

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چوار تۆمەتبار بە تۆمەتی فاڵگرتنەوە و هەڵخەڵاتاندنی خەڵک دەستگیرکراون.

دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی:

مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا چوار تۆمەتباریان بەتۆمەتی فاڵگرتنەوە و نوشتەكردن و فێڵكردن دەستگیركرد.

لەدرێژەی هەڵمەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی كە فێڵ لە هاووڵاتیان دەکەن لەرێی نوشتە و جادوو فاڵگرتنەوەوە، توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە چوار تۆمەتباری تر دەستگیربكرێن و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە كەلوپەلدا كە بۆ فاڵگرتنەوە و نوشتەكردن بەكاریان هێنابوو.

لەئێستا هەریەک لەتۆمەتباران ( ف ، م ، م – ن ،ع، ج – ع، ج ، م – پ ، ع ، أ ) بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

شایەنی باسە، لە دوو رۆژی رابردوودا لەسەر هەمان دۆسیە نۆ تۆمەتبار دەستگیركراون، تائێستا و لەم هەڵمەتە فراوانەی پۆلیسی سلێمانیدا كە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت 13 تۆمەتبار دەستگیركراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان