پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند کە هاووڵاتییەکیان رفاندبوو

تۆمەتبارەکان، هاووڵاتییەکەیان رفاندووە و برینداریان کردووە

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند، کە هاووڵاتییەکیان رفاندبوو.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی هاتووە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزووری سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور پێنج تۆمەتباریان بە تۆمەتی رفاندنی هاووڵاتییەک و برینداركردنی دەستگیركردووە.

ئەوەش هاتووە، دوای ئەوەی هاووڵاتیەک سكاڵای لەبەشی پۆلیسی شارەزوور تۆماركرد كە وا لەلایەن چەند كەسێكەوە رفێندراوە و ئازاردراوە و برینداركراوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 کاتژمێردا سەرجەم تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن.

لەئێستادا تۆمەتباران :
ه ، ع ، م لەدایكبووی 1988
أ،أ، ر لەدایكبووی 2002
ب ، م ، ح لەدایكبووی 2000
أ ، ت ، ع لەدایكبووی 1999
ش ، ت ، گ لەدایكبووی 2004
بەبڕیاری بەڕێز دادوەر راگیراوان و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە (هۆكاری رفاندنی سكاڵاكار بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە سكاڵاكار پاسەوانی باخچەیەكە و یەكێک لە تۆمەتباران درەنگانێكی شەو ویستوویەتی بچێتە ناو باخچەكەوە پاسەوانەكە رێگەی نەداوە، دواتر تۆمەتبار لەگەڵ چوار تۆمەتباری تر هەڵیانكوتاوەتە سەر سكاڵاكار و رفاندویانە و ئازاریان داوە و برینداریان كردووە.